حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ ١٤ کانونی دووەمی ٢٠١٧ ڕایگەیاندن یەکێتی عێراقییەکان و قوربانیدانەکانیان هۆکار و پاڵپشت بوون بۆ وەدیهێنانی سەرکەوتن بەسەر داعشدا و تا ئێستا ئەو گروپە ٣٥ ملیار دۆلار زیانی لە عێراق داوە.
عەبادی لە کۆنگرەی دیالۆگی بەغدا وتی "سوپاس یۆ خوا هێزەکانمان لە میانی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵدا توانیویان پارێزگاری لە شوێنە پیرۆزەکان بکەن و تیرۆر شکست پێبهێنن، بەڵام ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە بۆمان، هەندێک ترسی دوای کۆتایی هاتنی داعشی هەیە، بەڵام ئایا ئەوانە لە کوێ بوون کاتێک داعش فەلوجە وتکریت و ڕومادی شوێنەکانی دیکەی داگیرکرد، یا ئەوانە لە کوێ بوون کاتێک داعش خەڵکانی بێتاوانی سەردەبڕی؟".
عەبادی ئاشکرایکرد، بەهۆی داعشەوە عێراق بڕی ٣٥ ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە، بۆیە هەرکاتێک چرکەساتی لەناوبردن و کۆتایی هاتنی نزیک دەبێتەوە، هێرش و کردەوەکانی زیاتر دەکات لە جیهاندا، بۆیە پێویست لە دژی ئەو گروپە بیروبۆچوونە وێرانکارییەکانی بوەستینەوە.
لەبەشیکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق روونیکردەوە، پێوسیتە لەسەرمان پێکەوە دژی ئامانجەکانی ئەو گروپە بین و لەناویبەرین، پێویستە ڕووبەڕووی ببینەوە یەکەم لەبەرپاراستنی گەلی عێراق و دووەمیش لەبەرجیهان، بۆیە گەر یەکێتی و هاوکاری و قوربانییەکان نەبوایە ئەو سەرکەوتنانەی ئەمڕۆ بەدەست نەهاتن کە عێراقییەکان لە نەینەوا و پارێزگاکانی دیکە تۆماریانکردووە.
هاوکات عەبادی جەختیکردەوە، یەکێتی و یەکگرتوویی هێزە چەکدارەکانی عێراق و پێشمەرگە لەسەر خاکی عێراق یەکێتییەکی بێ جیاوازییە و یەکێتی عێراقییەکان ئەو سەرکەوتنەی تۆمارکردووە.
هەر لەوتەکانیدا حەیدەر عەبادی ئاماژەی بەوەکرد، نابێت ڕێگە بدرێت بە بەردەوامبوونی دیاردە نامۆکان و بڵاوبوونەوەیان، پێویستە لێپرسینەوە لەو کەسانەش بکرێت کە هاوکار بوون بۆ هاتنەوە ناوەوەی داعش و تێکدانی شارەکان بە بیانووی ئەوەی بەرگری لێدەکەن و ئاوەدانی دەکەنەوە.
عەبادی جەختیکردەوە مەترسیدارترین شت تایەفی سیاسییە، بۆیە پێویستە ڕێگە بە بەردەوامبوونی نەدرێت و وریا و بە ئاگادبین.
لە کۆتایی وتەکانیدا عەبادی جەختیکردەوە، عێراق مەترسی نییە لەسەر هاوسێکانی یاخود بیەوێت سوکایەتی بکات بە دەوڵەتانی هاوسێ، بۆیە هێزی عێراق هێزی هەموو لایەکە.
لە دوای ڕووداوەکانی ١٠ حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ داعش توانی کۆنترۆڵی شاری موسڵ بکات و دواتر توانی پەلبهاوژێت بۆ پارێزگاکانی رومادی و دیالە و سەلاحەدین و ناوچە باشوری شاری کەرکوک.
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی شاری موسڵ دەستیپێکردووە، بە گوتەی فەرماندە سەربازییەکانی عێراق تونراوە زیاتر لە ٧٠% گەڕەکەکانی بەشی چەیی شارە لە دەستی داعش کۆنترۆڵبکرێتەوە.
١٤ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ١٩:٢٥
News ID: 804931
حەیدەر عەبادیڕایگەیاندن یەکێتی عێراقییەکان و قوربانیدانەکانیان هۆکار و پاڵپشت بوون بۆ وەدیهێنانی سەرکەوتن بەسەر داعشدا و تا ئێستا ئەو گروپە ٣٥ ملیار دۆلار زیانی لە عێراق داوە.